پێشمەرگە کێیە؟
پێشمەرگە بەو کەسە
دەگوترێت کە ھەستی نەتەوەیی و نیشتمانی ھێندە لەلا بەرزە کە لە پێناو پاراستنیاندا
مەرگی خۆی بۆ دەخاتە سەردەست و لەپێناویدا بەختی دەکات، بەمەیش سینگی خۆی دەکاتە قەڵغان
و بەرگری لەو خاکە دەکات کە دەیان ساڵە دوژمنانی کوردو کوردستان لە داگیرکردن و ئەنفال
و کیمیاباران و پاکتاوی رەگەزی و بەعەرەبکردن نەک درێغیان نەکردووە بەڵکو دەسەڵاتە
یەک لەدوایەکەکان رژد بوون لە جێبەجێکردنی ھەمان ئەو پیلانە دوورمەودایەی کەلەناخی
شۆڤێنیەکانیاندا گەرای ناوەتەوە. ئەو لەخۆبووردوویەی پێشمەرگە بۆ بەرژەوەندی خودی خۆی
نیە بەڵکو بۆئەوەیە کە دوژمنان راوەدوو بنێت و داگیرکەرانی کوردستان وەدەر بنێت و وریایان
بکاتەوە لەوەی کە سنوورێک بۆ پێشڕەوییەکانیان دابنێن.
ئامانجی پێشمەرگە
سەقامگیری و ئاسایشی کوردستان و پاراستنی سەر و ماڵی ھاووڵاتیانە بەبێ جیاوازی.
قۆناغێکی نوێ و چاوەڕوان
نەکراو
دەوڵەتی ئیسلامی
لە عێڕاق و شام(داعش) کە بنکەو بارەگاکانیان لەخاکی وڵاتی سوریا بوو، لەدوای ١٠/٦/
٢٠١٤ قۆناغێکی دیکە و سەردەمێکی نەخوازراویان ھێنایە کایەوە کە ھەموو عێڕاق و کوردستانی
گرتەوە، ئەویش بە ھێرشێکی چاوەڕوان نەکراو بوو و کەلە شەوو رۆژێکدا توانیان دەست بەسەر
تەواوی پارێزگای موسڵ دا بگرن و دواتر بەبێ ئەوەی سوپا بەھێز و پڕ چەکەکەی عێڕاق ھیچ
بەرگرییەک بکات توانیان پارێزگای تکریت(سەلاحەدین)یش کۆنتڕۆڵ بکەن.
دواتر ھێرشە دڕندانەکەی
داعش روویکردە ھەرێمی کوردستان و ھەر لە شەنگالەوە تا دەگاتە جەلەولای گرتەوە.
لێرەدا پێشمەرگە
بەبێ گوێدانە پارت و لایەن و ناوچەگەرێتی جارێکی دیکە سینگی خۆی دایەوە بەر گوللە و
کەوتەوە بەرگرییەکی سەخت و لەبەرامبەر ئەو چەکدارە دڕندانەدا وەستایەوە و توانی وانەیەکیان
پێبدات کە پێشتر نەیاندیوە.
پێشمەرگە قوربانیە
یاخود شەھید؟
نابێ ئەوە لەبیر
بکەین کەسەقامگیری و ئارامی ئازادی لەھەرێمی کوردستان بەرھەمی شەونخوونی و بەرگریکردنی
پێشمەرگەیە لە خاکو نەتەوەکەی، کە ئەو ئازادی و پاراستنەی دامودەستگاکانی راگەیاندن
بەگشتی و کەناڵە ئاسمانی و ناوخۆییەکان بەتایبەتی بەشێکن لەو دەستکەوتانەی کە بەگیان
لەسەردەستی پێشمەرگە ھاتوونەتە کایەوە، بۆیە دەبێ بەو پەڕی دڵسۆزییەوە مامەڵە لەگەڵ
پێشڤەچوونەکانی پێشمەرگە بکەین و ئەوانەی کە لە بەرەکانی جەنگ گیان لەدەست دەدەن بەرێزەوە
بە (شەھید)یان ناو ببەین، بەڵام بەداخەوە تاوەکو ئێستاش لەھەواڵی ھەندێ کەناڵدا لەبری
ئەوەی بڵێت: (پێشمەرگە شەھید بوو)، ئەوا دەڵێت: (پێشمەرگە بوو بە قوربانی)، لەحاڵەتێکدا
و لەھەر کۆسپ و تەگەرەیەک یاخود ھەر ھەڕەشەیەکدا کە رووبەڕوویان دەبێتەوە راگەیاندنەکان
ھاواریان لێھەڵدەستێ و داوا لە دامو دەستگاکانی پۆلیس و ئاسایش و حکوومەت و پەرلەمان
و دادگا و سەرۆکایەتی ھەرێم دەکەن فریایان بکەون و لەھاوریانەوە بێن، بەڵام دەبێ ئەوە
باش بزانن کە ھەموو ئەم دامودەزگایانەی ئەوان پەنایان بۆ دەبەن خۆیان لەسایەی پێشمەرگەوە
پارێزراون و کاروباری یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری ئەنجام دەدەن، خۆ ئەگەر وشەی(شەھید)مۆرکی
ئاینی لەخۆ بگرێت ئەوا وشەی(قوربانی)ش ھەمان مۆرک لەخۆ دەگرێت.
قوربانی کێ دەگرێتەوە
چەمکی قوربانی:
قوربانی ھەموو ئەو
کەسانە دەگرێتەوە کە لە جەنگدا پێکراون یاخود لەدەرئەنجامی ھەڵەیەک یان دوژمنکارییەک
یان رووداوێکدا ئازاری پێگەیشتووە.
قوربانی چەند جۆرێکەو
جۆرەکانیشی بەپێی جیاوازی ئەو تاوانانەیە کە تاوانبارەکان ئەنجامی دەدەن:
(قوربانی بەکوشتنی ئەنقەست ـ قوربانی کوشتنی
بەھەڵە ـ قوربانی ئەشکەنجە ـ قوربانی دزیکردن ـ قوربانی بەڵا ـ قوربانی دەستدرێژی لەھەردوو
رەگەزدا ـ قوربانی توندو تیژی دژ بە ژنان ـ قوربانی بۆ سەر منداڵ ـ قوربانی رووداوی
جۆراوجۆری ھاتووچۆـ قوربانی ھەژاری ـ قوربانی جەنگ...ھتد).
پرسیارەکە لەوەدایە
کە پێشمەرگە لەکام لەو چەمکانەی قوربانی بەسەردا دەسەپێ تاوەکو میدیاکان لەجیاتی شەھید
بە قوربانی ناوی ببەین؟